استقلال السلطة القضائية
سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری
به‌شی یه‌كه‌م :
سوپاس وستــایش بۆ خـوای گه‌وره وبه‌ده‌سه‌ڵات ودرود وڕه‌حمه‌تی نه‌بڕاوه‌ش بۆ سه‌رگیانی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان وه بۆ سه‌ر گیانی سه‌رجه‌م هاوه‌ڵ وشوێنكه‌وتوانی هه‌تا ڕۆژی دوایی .
به‌ڕێزان وخۆشه‌ویستان به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره له زنجیره‌یه‌ك ووتاردا، ده‌مانه‌وێت بابه‌تێكتان پێشكه‌ش بكه‌ین ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ( إستقلال السلطة القضائية ) له‌ئاینی پیرۆزی ئیسلام ویاسا دانراوه‌كانی تردا، به‌و ئومێده‌ی ببێته جێگای ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره وپاشانیش ئێوه‌ی به‌ڕێز .
پێشه‌كی وده‌ستپێك :
پێش ئه‌وه‌ی بچینه سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی خۆمان پێویسته ئه‌وه بزانین هه‌موو ده‌وڵه‌ت وحكومه‌تێك له سێ ده‌سه‌ڵات یان له‌سێ ئه‌نجومه‌نی سه‌ره‌كی پێك دێت، ئه‌وانیش ئه‌نجومه‌ن وده‌سه‌ڵاته‌كانی ( یاسادان، السلطة التشریعیة ) و ( جێ به‌جێكردن، السلطة التنفیذیة ) و ( دادوه‌ری، السلطة القضائیة ) كه له‌بنه‌مادا ده‌بێت هه‌ر یه‌ك له‌م سێ ده‌سه‌ڵاته له‌یه‌ك جودا بن وهه‌رلایه‌كیان به‌كاری خۆی هه‌ڵسێت به‌بێ ده‌ستوه‌ردانه كاروباری ئه‌وی تر، له‌گه‌ڵ بوونی هاوكاری وهاریكاری له نێوانیاندا، هه‌تاوه‌كو هه‌موو شتێك ڕێڕه‌وی ئاسایی خۆی بگرێت وهیچ لایه‌كیان سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆی نه‌به‌زێنێت .
پێناسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری :
مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژه‌یه ئه‌وه‌یه : كه دادوه‌ر ( قاضی ) له كاتی جێ به‌جێ كردنی كار وفه‌رومانه‌كانی ودادگایی كردن‌دا مل كه‌چی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی تری حكومه‌ت نه‌بێت له‌ده‌سه‌لاته‌كانی ( جێ به‌جێكردن و یاسادانان )، وه ده‌بێت سه‌رجه‌م كار وفه‌رمانه‌كانی له خزمه‌ت جێ به‌جێ كردنی دادگه‌ری ( العدالة ) وسه‌ندنه‌وه‌ی مافه‌ی زه‌وت كراویی خاوه‌ن حه‌قه‌كاندا بێت وده‌ستی زوڵم وسته‌می سته‌م كارانیش بگرێت ونه‌هێڵێت مافی كه‌سانی تر بخۆن، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی هیچ ئیعتبارێكی تر (١) .
پێویسته له‌كاتی باسكردنی وه‌ها بابه‌تێك ئاماژه به‌دوو خاڵی گرنگ بكه‌ین ئه‌وانیش بریتین له : سهربــهخۆیی ئــه‌ندامیــه‌تی دادوه‌ری ( استقـلال العضوی للقضاء ) له‌گــه‌ڵ سهربــهخۆیی فه‌رمانبه‌رێتی دادوه‌ری (استقلال الوظیفی للقضاء )، جا بابزانین مه‌به‌ست له‌هه‌ریه‌ك له‌م دوو ده‌سته‌واژه‌یه چیه ؟ .
یه‌كه‌م : سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ندامیه‌تی دادوه‌ری ( استقلال العضوی للقضاء ) : مه‌به‌ست پێی ئه‌وه‌یه : ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ( السلطة القضائیة ) سه‌ربه‌خۆ بێت له‌هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته‌كانی ( یاسادانان = التشریعیة ) و (جێ به‌جێـكردن = التنفیذیة ) به‌شێوه‌یه‌ك ڕێگری بكات له‌به‌رده‌م هه‌ریه‌ك له‌و دوو ده‌سه‌ڵاته كه ده‌ست وه‌رنه‌ده‌نه كار وباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ( السلطة القضائیة ) به‌مه‌به‌ستی لادانی لــه‌كـاری سه‌ره‌كــی خۆی كــه جێ به‌جێكـردنی دادگه‌ریه له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا (٢) .
دووه‌م : ســه‌ربــه‌خۆیی فـه‌رمانبــه‌رێتی دادوه‌ری (استقــلال الوظـیفی للقضاء ) مه‌به‌ست پێی : پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی دادوه‌ره‌كانه له ده‌ربڕینی ڕاوبۆچوونه‌كانیان له‌گه‌ڵ پاراستنی بێ لایه‌نیان له‌كاتی دادگایی كردن‌دا، به‌شێوه‌یه‌ك یاسایه‌ك هه‌بێت كه بیان پارێزێت له هه‌رفشار وكاریگه‌ر‌یه‌كی ده‌ره‌كی كه ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه (٣) .
جیاوازیش له نێوان ئه‌م دوو سه‌ره‌به‌خۆییه‌دا ئه‌وه‌یه : مه‌به‌ست له‌یه‌كه‌میان شێوه‌یه‌كی گشتگیر ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وه‌ك یه‌كێك له‌ده‌سه‌ڵاته‌كان سه‌ره‌به‌خۆ بێت وهیچ ده‌ستێكی تێوه‌ر نه‌درێت له‌لایه‌ن دوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تره‌وه، به‌ڵام مه‌به‌ست له دووه‌میان ئه‌وه‌یه كه شه‌خصی قاضی خۆی سه‌ربه‌خۆ بێت له‌و كاریگه‌ریه ده‌ره‌كیه‌كانه‌ی كه پێ ده‌چێت كاریگه‌ری دروست بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و حوكمه‌ی كه ده‌ری ده‌كات ( وه‌ك نه‌خوێندنه‌وه‌ی خزمایه‌تی وشه‌فاعه‌ت و واسطه وناوچه‌گه‌ریه‌تی .... ) .
مه‌به‌ست له سه‌ربه‌خۆی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ئیسلامدا :
پێش ئه‌وه‌ی بچینه سه‌ر باسكردنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ئیسلامدا، پێویسته ئه‌وه بخه‌ینه ڕوو زاراوه‌ی ( استقلال القضاء = سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ) وه‌ك زاراوه له‌م سه‌رده‌مانه‌ی دوایدا ده‌ركه‌وت، ئه‌ویش پاش ده‌ركه‌وتنی مه‌بده‌ئی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان دێت كه دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی وئه‌و هه‌مووه زوڵم وزۆره‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ده‌كرا به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی، ئه‌م مه‌بده‌ئه‌ش پێ داده‌گرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ده‌ستی كۆمه‌ڵه كه‌س وئه‌نجومه‌نێكدا قه‌تیس نه‌كرێت، به‌ڵكو كاروباره‌كانی ده‌وڵه‌ت دابه‌ش بكرێت بۆ سێ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌كی له‌یه‌ك جودا، ئه‌وانیش ده‌سه‌ڵاته‌كانی ( یاسادانان وجێ به‌جێكردن ودادوه‌ری ) یه .
به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك له نووسه‌ران ولێكۆڵه‌ره‌وه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی دراسه‌یه‌كی وورد وبه ئینصافانه‌یان كردبێت، واده‌زانن سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری زاده‌ی به‌رهه‌می بیروبۆچونه‌كانی بیرمه‌ندانی ڕۆژئاوایه وئه‌م مه‌بده‌ئه له‌ئیسلامدا پراكتیزه نه‌كراوه وجێگای بایه‌خی زانایان وبیرمه‌ندانی ئیسلام نه‌بووه، وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد ئه‌و بابه‌ته وه‌ك زاراوه به‌نوێ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گینا وه‌ك بوارێكی چالاك وپراكتیزه كرا‌و زانایان وفه‌قیهه‌كانی ئیسلام ته‌ئكیدیان كردوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری ( عدالة ) ویه‌كسانی دروست بووه، تا به‌و شێوه‌یه‌ی لێهاتووه كه ئاینی پیرۆزی ئیسلام بۆ هه‌موو سه‌رده‌م وشوێن وكاتێك له‌بار و‌گونجاوه، چونكه ئامانج ومه‌به‌ست له‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری سه‌ندنه‌وه‌ی مافه زه‌وت كراوه‌كانه بۆ خاوه‌نه‌كانیان له‌گه‌ڵ پیاده‌كردنی عه‌داله‌ت ویه‌كسانی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا به‌بێ جیاوازی كردن له نێوان ده‌سه‌ڵاتداران وهاوڵاتیاندا، ئه‌م ئامانجه‌ش خاڵێكی هه‌ره‌گرنگه له‌هاتنی پێغه‌مبه‌رایه‌تی، وشه‌ریعه‌تی ئیسلام زۆر به‌بایه‌خه‌وه لێی ده‌ڕوانێت، ده‌قه‌كانی قورئانی پیرۆز وسوننه‌ت زۆر پێداگریان له‌سه‌ر كردوه، وه‌ك خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت : ( إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ .... ) (4) واته : بێگومان وه به‌ڕاستــی خوای گه‌وره فه‌رمان ده‌دات به دادپه‌روه‌ری وچاكه‌كاری ..
یان ده‌فه‌رموێت : ( إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا وَإِذَا حَكَمْتُمْ بَيْنَ النَّاسِ أَنْ تَحْكُمُوا بِالْعَدْلِ .... ) (5) واته : به‌ڕاستی خوا فه‌رمانتان پێ ده‌كات كه هه‌موو ئه‌مانه‌ت وسپارده‌كان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان وهه‌ر كاتێكیش داوه‌ریتان كرد له نێوان خه‌ڵكیدا، به‌دادپه‌روه‌رانه فه‌رمان ڕه‌وایی وحوكم بكه‌ن .
چونكه گومانی تێدا نیه ئه‌و كه‌سانه‌ی پابه‌ندی ته‌عالیم وڕێنومایه‌كانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامن مه‌به‌ستیان ڕه‌زامه‌ندی وگوێڕایه‌ڵی وجێ به‌جێ كردنی فه‌رمانه‌كانی په‌وه‌ردگاره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌رمانیان پێكراوه كه گوێڕایه‌ڵی پێغه‌مبه‌ر وكاربه‌ده‌ستانی خۆیان بن، وه‌ك خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت :(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ...)(6) واته: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه فه‌رمان به‌رداری خوا وپێغه‌مبه‌ر وكاربه‌ده‌ستانی خۆتان بن .
به‌م شێوه‌یه شه‌ریعه‌تی ئیسلامیش به‌بێ جیاوازی ده‌بێت جێ به‌جێ بكرێت به‌سه‌ر كاربه‌ده‌ست وده‌سه‌ڵاتدار وهاوڵاتیاندا، چونكه كاربه‌ده‌ستان وده‌سه‌ڵاتداران لای خوای گه‌وره لپێرسراون له هاوڵاتیان وڕه‌عیه‌ته‌كانیان، وه ده‌بێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زوڵم وسته‌میان لێ نه‌كه‌ن، وه‌ك له‌فه‌رمووده‌یه‌كی صه‌حیحدا هاتووه كه‌ده‌فه‌رموێت : " كلكـم راع وكلكم مسؤول عن رعيته، فالإمام راع وهو مسؤول عن رعيته ... " (7) واته : هه‌مووتان شوان ولپێرسروان وهه‌ر هه‌مویشتان لێتان ده‌پرسرێته‌وه به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان وڕه‌عیه‌ته‌كه‌تان، ئیمام وگه‌وره‌ی موسڵمانان لێپرسراوه به‌رامبه‌ر به ڕه‌عیه‌ت وژێر‌ده‌سته‌كانی .
جا كاتێك كه ئاینی پیرۆزی ئیسلام هاتو دادپه‌روه‌ری ویه‌كسانی كرده دروشم ومه‌شخه‌ڵی خۆی وله واقعی حاڵ وكایه‌كانی ژیاندا جێ به‌جێی كرد، له‌و كاته‌دا بوو كه ده‌وڵه‌ته زڵهێزه‌كانی ئه‌و كاته‌ی دونیا ( ڕۆم وفارس ) هاوڵاتیان وژێر ده‌سه‌ته‌كانی خۆیان ده‌چه‌وسانده‌وه وزوڵمیان لێ ده‌كردن، وگه‌نده‌ڵی وفه‌سادی ئه‌خلاقی هه‌موو ژیانی گرتبونه‌وه وبه‌ناوی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های سه‌ر زه‌ویه‌وه هه‌موو مافێكیان دابوو به‌خۆیان وبه‌چه‌پ وڕاستدا هه‌رچیه‌كیان بویستایه ده‌یان كرد وكه‌سێكیش نه‌بوو پێیان بڵێ ئه‌وه بۆ وا ده‌كه‌ن، به‌ڵێ له‌و كاته‌ی كه‌دونیا له زه‌لكاوی نه‌فامیدا نوقم بوو بوو خۆری ئیسلام هه‌ڵهات وبوو به‌ڕه‌حمه‌ت بۆ ته‌واوی سه‌ر زه‌وی .
له به‌ر ڕۆشنای ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌ی كه ئاماژه‌مان پێدا وله به‌رزی وبڵندی پـه‌یامــه پیرۆزه‌كــه‌ی په‌روه‌ردگـــاره‌وه، شــه‌ریعـــه‌تی ئیســـلام ده‌ســه‌ڵاتی دا به‌دادوه‌ره‌كان ( القضاة ) كه سه‌ربه‌خۆ بن له بڕیاڕ وئه‌و حوكمانه‌ی كه ده‌ریده‌كه‌ن له‌كاتی دادگای كردنی كه‌سه‌كاندا، به‌بێ ئه‌وه‌ی كارتێكراو بن له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه ده‌ست نیشانی كردون بۆ كاری دادوه‌ری، وه‌به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ڕێگا نه‌ده‌ن كه ده‌ست بخرێته كاریانه‌وه له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستان ولپێرسراوانی ووڵاته‌وه، به‌م پێیه‌ش قاضیه‌كان له‌هه‌موو چه‌رخ وسه‌رده‌م وخیلافه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئیسلامدا سه‌ربه‌خۆ بوون وسه‌ربه‌خۆیی خۆشیان پاراستوه، مێژووش باشترین شاهیده له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سئه‌له‌یه، به‌پشتیوانی خوای گه‌وره له‌كاتی خۆیدا ئاماژه به‌چه‌ند ڕووداوێك ده‌كه‌ین كه به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ڕاستی ئه‌و ووتانه‌ی كه سه‌رنجتانم بۆ ڕ‌اكێشا.
به‌م پێیه ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستیه‌ی مه‌به‌ست له‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئه‌وه‌یه كه قاضیه‌كان له‌كاتی ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیاندا مل كه‌چی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی تر نه‌بن، به‌ڵكو هه‌موو كار ومه‌به‌ستێكیان جێ به‌جێ كردن وسه‌پاندنی حه‌ق وڕاستی ودادپه‌روه‌ری بێت، ئه‌ویش له‌ژێر ڕۆشنای مل كه‌چی وگه‌ردن گیریان بۆ شه‌ریعه‌ت ونه‌خوێندنه‌وه‌ی هیچ جۆره ئیعتبارێكی تر (8).
له‌مه‌شه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستیه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هیچ كاتێك ناكرێت سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر دادوه‌ره‌كان سه‌ربه‌خۆ وسه‌ربه‌ست وئازاد نه‌بوون له ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیاندا، ئه‌و كاته دادگاكان ده‌بنه جێگای گاڵته‌جاڕی وده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر وقاضیه‌كانیش ده‌بن به ده‌ست كه‌لای به‌رژه‌وه‌ندی لپێرسراوان وهه‌ر فه‌رمانێكیان بۆ هات به‌بێ چه‌ن وچون ده‌بێت جێ به‌جێی بكه‌ن، له‌كۆتایشدا داداگا وده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری گرنگی كاری خۆی له‌ده‌ست ده‌دا وخراپه وخراپه‌كاری وزوڵم وسته‌م هه‌موو بواره‌كانی ژیان ده‌گرێته‌وه (9) .
بێگومان مه‌به‌ستیش له‌م بنه‌ما جوانه ئه‌وه‌یه كه هه‌ردوو لایه‌نی ناكۆك كه‌ده‌چنه به‌رده‌م دادوه‌ر ته‌وا هه‌ست بكه‌ن به ئازادی ودڵنیا بن له‌وه‌ی كه مه‌سئه‌له وكێشه‌كه‌یان به‌و په‌ڕی بێ لایه‌نی قاضی وداگاوه كۆتای پێ دێت وهیچ كه‌س ده‌ستوه‌رناداته كێشه‌كه‌یانه‌وه، به‌ڵكو دادپه‌روه‌ری وعه‌داله‌ت خۆی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌ردوولایاندا .
گرنگی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری
خوای گــه‌وره ده‌فـــه‌رموێت :( يَـــا أَيُّهَـا الَّذِينَ آَمَنُـــوا كُونـــُوا قَوَّامِينَ لِلّــَهِ شُهـــَدَاءَ بِالْقِسْـــطِ وَلَا يَجْــرِمَنَّكــُمْ شَنَــآَنُ قَـــوْمٍ عَلَى أَلَّا تَعْدِلُـــوا اعْــدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى .... ) (١0) واته : ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه، زۆر به‌چاكی هه‌ستن به‌ئه‌نجامدانی شایه‌تی دادپه‌روه‌رانه له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره، ڕق ودوژمنایه‌تی هیچ كه‌س وهیچ لایه‌ك هه‌ڵتان نه‌نێت كه‌له دادپه‌روه‌ری لابده‌ن، دادپه‌روه‌ر بن چونكه هه‌ر ئه‌وه نزیكتره له ته‌قواو خواناسینه‌وه .
ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه ڕێنومایی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كات هه‌ركاتێك كران به شاهید یان دادوه‌ر له نێو دوو كه‌سدا یان دوو تاقمدا ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و دوو تاقمه‌ش ناكۆك وناته‌بابن له‌گه‌ڵیاندا نابێت ئه‌وه وایان لێ بكات كه بڕیارێكی نادادگه‌رانه یان شاهیدیه‌كی ناهه‌ق بده‌ن .
باس وبابه‌تی سه‌ره‌به‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری یه‌كێكه له‌هه‌ره بابه‌ته گرنگه‌كان، چونكه هه‌ر ئه‌و مه‌سئه‌له‌یه ده‌توانێت هه‌ڵبسێت به‌ئه‌نجام دان وڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و مه‌به‌ست وئامانجانه‌ی كه دادگاكانی له پێناودا دروست بووه، كه‌بریتی یه له‌به‌رپاكردنی دادگه‌ری وگه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی خاوه‌ن هه‌قه‌كان ونه‌هێشتنی زوڵم وسته‌م و ناكۆكی له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا وكۆتایی هێنان پێیان، وڕێكخستنی ژیانێكی ئاسووده بۆخه‌ڵكی وپاراستنی ئاسایشی نیشتمان وحكومه‌ت له فه‌ساد وگه‌نده‌ڵی، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فه‌راهه‌م هێنانی ته‌واوی به‌رژوه‌ندیه‌كان ودوورخستنه‌وه ونه‌هێشتنی هه‌رچی ناوی خراپه‌یه له هاوڵاتیان وڕه‌عیه‌ت ودانیشتوانی ووڵات .
به‌م شێوه‌یه‌ش تێگه‌شتین سه‌ربه‌خۆی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هۆكارێكه بۆ سه‌قامگیربوونی ئاسایشی كۆمه‌ڵگا ومانه‌وه وبه‌رده‌وام بوونی ژیان، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته یان پشتگوێ خستن وگرنگی پێ نه‌دانی ده‌بێته هۆی تیاچوونی كۆمه‌ڵگا وبڵاوبوونه‌وه‌ی زوڵم وسته‌م وگومڕایی وسه‌ر لێشێوان، وه‌ك عائیشه‌ی دایكی باوه‌ڕداران ( خوای لێ ڕازی بێت ) فه‌رمووده‌یه‌كمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه وده‌ڵێت : ئافره‌تێكی مه‌خزومی كه له‌عه‌شیره‌تی قوره‌یش بوو دزی كرد، خزم وكه‌سه‌كانی له قوره‌یش زۆر بالایانه‌وه شه‌رم بوو كه ده‌ستی ببڕێت، بۆیه ووتیان ده‌بێت كه‌سێك ببینینه‌وه كه شه‌فاعه‌تی لای پێغه‌مبه‌ر ( درودی خوای له‌سه‌ر بێت ) بخوات وقسه‌ی نه‌شكێنێت، ووتیان ئوسامه‌ی كوڕی زه‌ید خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ری خوایه، بۆیه هه‌ستان چوونه لای ئوسامه وئه‌ویش شه‌فاعه‌تی كرد بۆ ئافره‌ته‌كه كه ده‌ستی نه‌بڕرێت، پێغه‌مبه‌ریش ( درودی خـوای له‌سه‌ر بێت ) فه‌رمــووی : " أتشفع في حد من حدود الله ؟ ثم قام فخطب فقال : يا أيها الناس إنما ضل من كان قبلكم أنهم كانوا إذا سرق الشريف تركوه ، وإذا سرق الضعيف فيهم أقاموا عليه الحد ، وأيم الله لو أن فاطمة بنت محمد سرقت لقطعت يدها " (١١) واته ئایا تۆ شه‌فاعه‌ت ده‌كه‌یت بۆ كه‌سێك كه سنورێك له‌سنوره‌كانی خودای به‌زاندوه، پاشان چوویه سه‌ر مینبه‌ره‌كه‌ی و ووتارێكی بۆ خه‌ڵكه‌كه دا وفه‌رمووی : ئه‌ی خه‌ڵكینه ئوممه‌تانی پێش ئێوه گومڕا وسه‌ر لێشێواو بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ركاتێك كه‌سێكی ناوداریان دزی بكردایه وازیان لێده‌هێنا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێكی هه‌ژار وبێ كه‌س دزی بكردایه ده‌ستیان ده‌بڕی، سوێند به‌خوا ئه‌گه‌ر فاطمه‌ی كچی موحه‌مه‌د دزی بكات ده‌ستی ده‌بڕم .
ئه‌م فه‌رموده‌یه خۆی له‌خۆیدا به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر به‌هێزه له‌سه‌ر گرنگی سه‌ربه‌خۆی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌به‌ر سێ هۆ :
یه‌كه‌میان : سزادانی هه‌ژاران وبێ كه‌سه‌كان وجێ به‌جێ نه‌كردنی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند وخاوه‌ن كه‌سه‌كاندا هۆكارێكی فه‌وتان وتیاچوونی كۆمه‌ڵگایه، بۆیه ده‌بێت هه‌رگیز ڕێگا به‌وه‌ها كارێك نه‌درێت .
دووه‌م : پێغــه‌مبه‌ر ( درودی خوای له‌سه‌ر بێت ) شه‌فاعه‌تی قه‌بوڵ نه‌كردوه كه بكرێت بۆ كه‌سێكی ناودار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نی خزم وكه‌س وكار وعه‌شیره‌تێكی ناوداره وحوكمه‌كه‌ی به‌سه‌ردا جێ به‌جێ نه‌كرێت.
سێ هه‌م : ئه‌وه‌یه پێغه‌مبه‌ر( درودی خوای له‌سه‌ر بێت ) سوێند ده‌خوات نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵكو نزیك ترین وخۆشه‌ویسترین كه‌سی خۆی كه فاطمه‌ی كچیه‌تی ئه‌و كاره‌ی لێ بوه‌شێته‌وه هه‌مان حوكمی به‌سه‌ردا جێ به‌جێ ده‌كات به‌بێ جیاوازی.
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌بێت كه‌سانی ناو دوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تری حكومه‌ت له ده‌سه‌ڵاتی ( جێ به‌جێكـردن و یاســادانان ) هـــه‌رگیز په‌نـــا نه‌بن بۆ نــاوبه‌ندی ( واسطة ) كردن وفشار دروست كردن له‌سه‌ر قاضیه‌كان له پێناو ئه‌وه‌ی حوكمێكیان پێ بگۆڕن یان حوكمێكیان پێ ده‌ربكه‌ن بۆ كه‌سێك یان لایه‌نێك كه شایسته‌ی ئه‌و حوكمه نه‌بێت، چونكه وه‌ك ووتمان وه‌ها كارێك ده‌بێته هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی نادادگه‌ری وزوڵم وسته‌م له‌ناو خه‌ڵك وكۆتاییه‌كه‌شی به‌هه‌ره‌سهێنانی ئه‌و حكومه‌ته ته‌واو ده‌بێت .
دادگه‌ری وعه‌داله‌تیش هه‌رگیز پیاده ناكرێت هه‌تاوه‌كو سه‌رجه‌م قاضی ودادوه‌ره‌كان ته‌واو ئازاد نه‌بن له لێكوڵینه‌وه وبه‌دواداچوونی ئه‌و كێشه ومه‌سئه‌لانه‌ی كه دێته به‌رده‌ستیان، وله‌هه‌مان كاتیش‌دا ترسی هیچ لایه‌نێكیان نه‌بێت كه ده‌ست وه‌رده‌نه كاروباره‌كانیانه‌وه وله‌لۆمه‌ی لۆمه‌كه‌رانیش سڵ نه‌كه‌نه‌وه، ته‌نها مه‌به‌ستیان ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره وپاشانیش جێ به‌جێ كردنی عه‌داله‌ت بێت له كۆمه‌ڵگادا، تاوه‌كو ببن به‌یه‌كێك له‌و ده‌سته وكۆمه‌ڵانه‌ی كه له‌ڕۆژی حه‌شردا له ژێر ئه‌و سێبه‌ره‌دان كه خوای گه‌وره بۆیانی دروست ده‌كات .
لێره‌دا پرسیارێك دێته ئاراوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه : سه‌ربه‌خۆی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بۆچی ؟ یان ئایا دادگه‌ری وعه‌داله‌ت جێ به‌جێ ده‌كرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی دادگا وقاضیه‌كان سه‌ربه‌خۆ نه‌بن ؟
له‌وه‌ڵامدا ئه‌ڵێین : ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌بێت كاری سه‌ره‌كی بریتی بێت له جێ به‌جێ كردنی عه‌داله‌ت، عه‌داله‌تیش به‌شێكه له‌ڕاستی وحه‌قیقه‌ت، حه‌قیه‌قتیش به‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه كه دادوه‌ره‌كان ئازادبن له‌به‌دواداچوونی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ره داوانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به‌و مه‌سئه‌لانه‌وه هه‌یه كه خراوه‌ته به‌رده‌میان، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه چه‌ندێك ئه‌و گۆڕه‌پانانه‌یان لێ ته‌سك بكرێته‌وه، هێنده ڕاستیه‌كان وون ده‌ین وده‌شێوێنرێن، ئه‌و كاته‌ش ئه‌و حوكمه‌ی كه دادوه‌ره‌كه ده‌ری ده‌كات دوور ده‌بێت له عه‌داله‌ته‌وه، به‌مه‌ش كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و هه‌ڵدێر وتیاچوون ده‌چێت .
لـه‌ئــه‌نجامی ئه‌م هــاوكێشه‌یه‌ش كۆمــه‌ڵگا ئه‌كـــه‌وێته بـــه‌رده‌م ســێ حــاڵه‌تی دژواره‌وه :
حاڵه‌تی یه‌كه‌م : له‌حاڵه‌تێكدا دادگا به‌رده‌وام بێت له‌و مه‌سئه‌له‌یه‌ی كه نه‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو بكۆڵێته‌وه له هه‌موو لایه‌نه شاراوه‌كانی ئه‌ویش له‌به‌ر ده‌ستێوه‌ردان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی تره‌وه، گومان له‌وه‌دا نیه حوكم دان له‌وه‌ها مه‌سئه‌له‌یه‌كدا ئه‌مان گه‌یه‌نێته ئه‌نجامێكی زانراو ئه‌ویش ده‌ركردنی بڕیارێكی به‌ڕواڵه‌ت ته‌واوی به‌ناوه‌ڕۆك ناڕاستی سته‌مكارانه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سته شاراوه‌كانی پشت دادوه‌ره‌كان بوون به مایه‌ی ئه‌وه‌ی عه‌داله‌ت جێ به‌جێ نه‌كرێت وحه‌قه‌كان نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان .
حاڵه‌تی دووه‌م : خۆ ئه‌گه‌ر له‌وه‌ها حاڵه‌تێكدا دادوه‌ره‌كان ( القضاة ) ده‌ستیان هه‌ڵگرت له‌كاره‌كانیان یان كاره‌كانیان وه‌ستاند، ئه‌و كاته گیروگرفته‌كان زیاتر ده‌بن وله‌سه‌ر یه‌ك كه‌ڵه‌كه ده‌بن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كامیان یه‌ك لای كرابنه‌وه، له‌ئه‌نجامدا سه‌رپێچی وتاوان وخراپه‌كاری ده‌زگا وده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش ده‌گرێته‌وه، ئــه‌ویش له‌ئه‌نجامی ده‌ستێوه‌ردانی كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی سلطه‌ی قه‌ضائی .
حاڵه‌تی سێهه‌م : له‌حاڵێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته‌كه ده‌سه‌ڵاتی خاوه‌ن هێز وده‌سه‌ڵاتی قه‌ضائی هه‌ر یه‌كێكیان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وی تر كاری كرد وهاوكاری نه‌بوو له نێونیاندا وده‌سه‌ڵاتی جێ به‌جێكردن سنووری چالاكی خۆی نه‌زانی وده‌ستی وه‌ردایه كاروباری داگاكان، ئه‌و كاته گۆڕه‌پانی ده‌سه‌ڵاتی قه‌ضائی ده‌بێته گۆڕه‌پانی ململانێ وكێشمه كێش، له‌ئه‌نجامدا ده‌سه‌ڵاتی قه‌ضائی له ڕێڕه‌وی كاری سه‌ره‌كی خۆی لا ئه‌دات، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامێكی دژوار وخراپی لێ ده‌كـه‌وێته‌وه، ئــه‌وه‌ی كه‌ژیر وعاقڵ بێت به‌كارێكـی دروست وڕاستی نازانێت (١٢) .
خۆشه‌ویستان له ووتاری ئه‌مجاره‌ماندا به‌وه‌نده ئیكتفا ده‌كه‌ین تا به‌شی دووه‌می ئه‌م بابه‌ته به‌خواتان ده‌سپێرین وخواتان له‌گه‌ڵ .
په‌راوێزه‌كان :
(1) سه‌یری كتێبی القضاء في الإسلام ، الدكتور محمد عبد القادر أبو فارس لاپه‌ڕه 189 بكة، دار الفرقان ، الأردن ط2 ، 1404 هـ .
(2) مدى استقلال السلطة القضائية في الإسلام لاپه‌ڕه 8 ، رسالة الماجستير ، ئاماده‌كردنی قوتابی ، فهد بن إبراهيم المشيقح ساڵی 1420هـ .
(3) استقلال القضاء ، الدكتور محمد كامل عبيد لاپه‌ڕه 35 ، به‌كه‌مێك ده‌ستكاریه‌وه ، دار القلم للنشر والتوزيع ، دبي الإمارات العربية المتحدة 1991 م .
(4) سورة النحل : ئایه‌تی ( ٩٠)
(5) سورة النساء :ئایه‌تی ( ٥٨ ) .
(6) سورة النساء : ئایه‌تی (٥٩) .
(7) أخرجه البخاري في كتاب الوصايا - باب تأويل قوله تعالى ( من بعد وصية يوصي بها أو دين ) تحت رقم 2751 ، ومسلم في كتب الإمارة – باب فضيلة الأمير العادل وعقوبة _ تحت رقم 4724.
(8) نظام القضاء في المملكة العربية السعودية ، الدكتور عبد المنعم عبد العظيم جيزة لاپه‌ڕه 50 ، الرياض مطبعة معهد الإدارة العامة 1988م .
(9) استقلال السلطة القضائية،الدكتور محمد عصفورلاپه‌ڕه ٥٨ .
(10) سورة المائدة : ئایه‌تی (8) .
(11) أخرجه البخاري في كتاب الحدود - باب إقامة الحدود على الشريف والوضيع - وباب كراهية الشفاعة في الحد إذا رفع إلى السلطان تحت رقم 6787 ورقم 6788 ، ومسلم في كتاب الحدود - باب قطع السارق الشريف وغيره والنهي عن الشفاعة في الحدود – فه‌رمووده‌ی ژماره 4410 ، وأبو داود في سننه في كتاب الحدود – بــاب في الحــد يشفع فيه – فه‌رمووده‌ی ژماره 4373 .
(12) ضرورة استقلال تعزيز استقلال القضاء ، المستشار الدكتور أحمد بو عتابة الزعابي ، موقع مركز الإمارات للدراسات و الإعلام ، لاپه‌ڕه 1ـ3 .